دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شارۆچکەی حەسەنئاوای سنە بە ناوەکانی ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٧ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و باخەکانی ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی لە شارۆچکەی حەسەنئاوای سنە و ئەم دوو هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە».
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم دوو چالاکوانە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی «زاگرۆسانە» لە قەڵای حەسەنئاوا دەستبەسەر کراون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنیان هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە.
«کەمپەینی زاگرۆسانە» هەڵمەتێکی ژینگەپارێزانەیە کە هەموو ساڵ لە وەرزی پاییزدا لە لایەن ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت و لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەنکەبەڕوو دەچێنرێت.