ئومێد باقری، وێنەگر و ژینگەپارێزی خەڵکی شاباد کە لە ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ەوە (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی دەستبەسەربوونی خۆیدا لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا مانی لە خواردن گرتووە. هەروەها دوای تێپەڕینی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی شێرکۆ کانیسانانی، وێنەگر و ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەر دوایین بارودۆخی ئومێد باقری بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم چالاکوانە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە تەنها دوو جار توانیویەتی زۆر بە کورتی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و لە دوایین پێوەندیدا ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانبارەوە (٢٦ی دیسامبەر) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی دەستبەسەربوون و نادیاربوونی چارەنووسیدا، لە دەستبەسەرگەی  ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان (ناسراو بە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفت) مانی لە خواردن گرتووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای تێپەڕینی دوو حەفتە لە دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکوانە مەدەنییە، تا ئێستا هیچ تۆمەتێکی ڕووبەڕوو نەکراوەتەوە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کراوە.

ئومێد باقری، وێنەگر و ژینگەپارێزی خەڵکی شاباد، ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە جادەی کرماشان بۆ پاوەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

هەروەها لەسەر چارەنووسی شێرکۆ کانیسانانی، وێنەگر، ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەم وێنەگرە کوردە ڕۆژی ٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە کاتی گەڕانەوەدا لە ڕێوڕەسمی «زاگرۆسانە» کە لە گوندی «نێ»ی مەریوان بەڕێوە دەچوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

«کەمپەینی زاگرۆسانە» هەڵمەتێکی ژینگەپارێزانەیە کە هەموو ساڵ لە وەرزی پاییزدا لە لایەن ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت و لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەنکەبەڕوو دەچێنرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ژینگەپارێزی دیکەی خەڵکی سنەیش بە ناوەکانی ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی دوای گەڕانەوە لە هەمان ئەو ڕێوڕەسمە لە شارۆچکەی حەسەنئاوای ئەم شارە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.