دوای تێپەڕینی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی عەبدوڵڵا خانی و ئیدریس کەرەمی، چالاکانی کرێکاری، هەروەها سەرۆک ئەبولقاسمی، بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی ئارێز، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٧ی دیسامبەری ٢٠٢٥) ئەم سێ هاووڵاتییە لە شوێنی کار و ماڵەکانی خۆیاندا بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەی هاوکات لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە.
دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی «کەمپەینی زاگرۆسانە» لە قەڵای حەسەنئاوای شاری سنە دەستبەسەر کراون. لە دوو حەفتەی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی ئەم کەمپەینە لە شارەکانی مەریوان و سنەدا، چوار هاووڵاتیی دیکە، لەوانە شێرکۆ کانیسانانی، وێنەگر و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و ڕامین ساڵحی، سەباح ساڵحی و سابیر ساڵحی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم دوو شارەدا دەستبەسەر کراون.
«کەمپەینی زاگرۆسانە» هەڵمەتێکی ژینگەپارێزانەیە کە هەموو ساڵ لە وەرزی پاییزدا لە لایەن ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت و لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەنکەبەڕوو دەچێنرێت.
عەبدوڵڵا خانی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە ساڵانی ڕابردوویشدا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانیەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و سزادان بووەتەوە. سابیر ساڵحییش پێشتر لە ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.