ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ سێهەم ڕۆژی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان لە شارە جیاوازەکاندا، هێزەکانی یەکەی تایبەتی پۆلیسی ئێران لە شەقامەکانی مودەڕیس و نەوبەهاری کرماشان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لانیکەم ١٠ هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد کە لە ناویاندا چەند منداڵێکیش دەبینرێت.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند: «ئەمڕۆ سێشەممە هاوکات لەگەڵ شارەکانی تردا، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی شاری کرماشان لە شەقامەکانی مودەڕیس و نەوبەهار و مەیدانی موسەدیقی ئەم شارە زنجیرەیەک گردبوونەوەی ناڕەزاییان پێک هێنا، خۆپیشاندانەکان کەوتنە بەر پەلاماری هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە، ئەو هێزانە هاوکات کە بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر جەماوەری ناڕازی، ژمارەیەک هاووڵاتییان بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرد».
بە وتەی سەرچاوەکان، دەستبەسەرکراوان سەرەتا براونەتە بنکەی پۆلیس (کەلانتەری)ی ئەو دوو گەڕەکە و پاشان ڕادەستی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری کرماشاندا کە بە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەفت ناسراوە.
یەکێک لەو سەرچاوانە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی یەکەی تایبەت و جلوبەرگ مەدەنییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە مەیدانە سەرەکییەکانی شاردا جێگیر کراون: «هێزەکانی یەکەی تایبەت بە ئۆتۆمبێل و مۆتۆرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا بڵاوەیان پێ کراوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و بەسیجیش بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ناو شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی شاردا دەسووڕێنەوە».
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی دەستبەسەرکراوان بەردەست نەکەوتووە.