دوای تێپەڕینی زیاتر لە حەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی بروومەند ئەعزەمیپوور، نووسەر و مامۆستای خوێندنگە دواناوەندییەکانی شاری کرماشان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراوەتەوە، بەرەست نەکەوتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «بروومەند ئەعزەمیپوور ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١ی فێبرییەی ٢٠٢٦) کاتێک بۆ وەرگرتنی کتێب سەردانی فەرمانگەی پۆستەی کرماشانی کردووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. چەند کاتژمێرێک دواتر هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵەکەی و دوای پشکنینێکی زۆر دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی ناو ماڵەکە بەتایبەت لەپتاب و مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتووە».
بروومەند ئەعزەمیپوور چەندین کتێبی سەبارەت بە مێژووی کوردستان و مێژووی ئیسلام نووسیوە. کتێبی «پێتەختی لەبیرکراوی گەلی کورد»ی ئەم نووسەرە ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) وەکوو کتێبی ساڵ هەڵبژێردرا. ئەم توێژەرە کوردە پێشتریش بە هۆی چالاکییە ئەدەبی و کولتوورییەکانیەوە دەستبەسەر کراوە.