لەسەر چارەنووسی میلاد ئیبراهیمی، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵانی خەڵکی کامێران کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە چەکی جەنگیی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار بوو و ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوەدەستبەسەر کرا، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە سەرباری تێپەڕینی ١٢ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی بەردەست نەکەوتووە. هاوکات حامید ئیبراهیمیی برای میلاد ئیبراهیمییش لەبەر ئەوەی لە ساتەوەختی دەستبەسەرکردنی میلاددا ناڕەزایی دەر بڕیبوو، دەستبەسەر کرا، بەڵام دوای ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
میلاد ئیبراهیمی ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری کامێراندا کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی جەنگیی هێزەکانی سوپای پاسداران و لە لای کەمەرەوە بریندار بوو. ئەم هاووڵاتییە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سنە نەشتەرگەریی بۆ کرا و پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت لە ماڵەوە قۆناغی چاکبوونەوەی تێ دەپەڕاند. بەڵام سەرەڕای ئەوەی تووشی ئیلتیهاب بووبوو و سەرلەنوێ لە نەخۆشخانە خرابووە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەریان کرد.
ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەواودەرمان بێبەش بووە.