بڕیاری دەستبەسەربوونی یاسر ئەدوایی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکوانی کوردی خەڵکی گوندی «سلێن»ی هەورامان کە پێشتر لە ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (١٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکوانە سیاسییە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ڕاگیراوە، لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە و بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها مۆڵەتی پێ دراوە چەند جارێک بە کورتی و لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات. هاوکات لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کوڕەکەیان بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی «سلێن» بە ناوی سۆبان ئەدوایی کە لەگەڵ یاسر ئەدواییدا دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کرابوو، دوای ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

یاسر ئەدوایی پێشتریش لە جۆزەردانی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٤٥ ڕۆژ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. پاییزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دواتر سزاکە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٣ ساڵ بەندکران. ئەم چالاکوانە کوردە لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (فێبرییەی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکە لە زیندان ئازاد کرا.