لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی بەبری و ڕەزا خاسی کە لە شارەکانی ئەسفەراین و ئیلام دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەسفەراینەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «عەلی بەبری، لاوی ٢٠ ساڵانی خەڵکی ئەسفەراین، ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا. عەلی لە ساتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە و تەنها جارێک لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا باسی لەوە کردووە کە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەفتەی ڕابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانی زۆرەملێی ئەم هاووڵاتییە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، ئەو ڕاگەیاندنانە عەلی بەبرییان وەکوو «بکوژی شەهیدی پارێزەری ئاسایش لە ئەسفەراینی خوراسانی باکوور» لە قەڵەم داوە. بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیلامەوە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ڕەزا خاسی، مامۆستای خانەنشینی خەڵکی شاری مەڵکشایی، ڕایگەیاند کە ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کرابوو و داوایان لێ کردبوو سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بکات.
ڕەزا خاسی ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار (٧ی فێڤرییە) دوای ئەوەی سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامی کردووە هەر لەوێ دەستبەسەر کراوە و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانبارەوە تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دەستبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسی زۆربەیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.