سوهراب بەهرامی، ژینگەپارێز و چالاکوانی مەدەنیی ناسراو، هەروەها بەهمەن نادری، زیندانیی سیاسیی پێشوو، زیاتر لە مانگێکە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سنە و کرماشان دەستبەسەرن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سوهراب بەهرامی ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە شوێنی کارەکەی و لە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چاکوانانی مەدەنیی شاری سنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربووندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە بەر گوشارەوە و بڕیاری دەستبەسەربوونیشی جارێکی تر درێژ کراوەتەوە. سوهراب بەهرامی پێشتریش بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە پێشینەی دەستبەسەربوون و بەندکردنی هەیە.

هەروەها بەهمەن نادری، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە گەڕەکی جەعفەرئابادی کرماشان بە شێوەیەکی توندوتیژ و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە و هەروەها وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە، بەردەوامیی ئەم دۆخە نادیارە بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە بەرانبەر بارودۆخ و چارەنووسیدا.

بەهمەن نادری لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یە و لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازی بووەتەوە.