ئەحمەد تەموویی، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢١) دوای ١٤ ساڵ زیندانیبوون لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو، جارێکی تر دەستبەسەر کرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەحمەد تەموویی، چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی سەڵماس، دوای ئازادبوون لە زیندان لە تاران دەژیا و وەکوو شۆفێری تەکسیی ئێسنەپ کاری دەکرد. بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٣ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار».
بە وتەی سەرچاوەکە، ئەم هاووڵاتییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراوە.
ئەحمەد تەموویی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٦دا (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری ورمێ. ئەم هاووڵاتییە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە بۆ ئەحمەد شەهید، ڕاسپێردراوی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیبووی، ڕایگەیاندبوو کە ساڵی ١٣٨٦ (٢٠٠٧) بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پژاکدا» بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێدا ئەشکەنجە دراوە. بە گوێرەی نامەکە، لەو ماوەیەدا بە «شۆکی ئەلێکتریکی»، «هەڵواسین»، «لێدانی قامچی» و «نمایشی ساختەی لەسێدارەدان» ئەشکەنجە درابوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێبەندانی ١٣٨٦دا (ژانڤییەی ٢٠٠٨) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «مەحارەبە» سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا. سزاکە لە هاوینی ١٣٨٧دا (٢٠٠٩) پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ دوور خرایەوە.
ئەحمەد تەموویی لە ماوەی ١٤ ساڵ و ٢ مانگ بەندکراندا چەندەها جار بە هۆی بەشداریکردنەوە لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیدا لە لایەن نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ناو زیندانی ورمێ، ڕووبەڕووی هەڕەشە و لێپرسینەوە بوویەوە.