دوو برای خەڵکی ئاودانانی ئیلام و دانیشتووی ئێسفەهان بە ناوەکانی نیما و ماهان هیممەتی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ناو زیندانی ناوەندیی ئێسفەهاندا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٨ی مارسی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ئۆتۆمبێلی ئەم دوو هاووڵاتییەیان لە شەقامێکی ئێسفەهان ڕاگرتووە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردوون.

دەوترێت ئەم دوو برایە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی بەندی ئەمنیی «ئەلف-تا»ی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ناوەندیی ئێسفەهان کراون.

ماهان هیممەتی، ١٧ ساڵان، خوێندەڤانی پۆلی یازدەی بەشی فۆتۆگرافیک و نیما هیممەتی، خوێندکاری ماستەری بەشی ئەتنۆموزیکۆلۆژیی زانکۆی ڕەشت، هەردووکیان کوڕی دوکتور ناسر هیممەتی دەروونپزیشک و نووسەری کوردی خەڵکی ئاودانانن.

دوکتور هیممەتی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لە دواهەم حاڵەت و لە کۆتایی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ پتەوکردنەوە و پەسەندکردنی ڕژێمی داگیرکەری قودس» سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکران و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەوە لە کاناڵێکی تێلێگرامدا سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.