لە یەک حەفتەی ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئاوات سەرگوڵی، جەلال عەلەوی، وەهاب حسەینزادە، هۆیار زەهاوی و کاوە عەبدوڵڵازادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد و نەغەدە دەستبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ هەندێ شوێنی نادیار.

هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە ٢٠ هاووڵاتیی کورد کە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهابادەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ڕۆژی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٠ی مارسی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدەیان بە ناوەکانی وەهاب حسەینزادە، ئاوات سەرگوڵی و کاوە عەبدوڵڵازادە دەستبەسەر کردووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کاوە عەبدوڵڵازادە لە جادەی نەغەدە بۆ مەهاباد دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی نەغەدە، بەڵام لەسەر چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییەکەی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «ڕۆژی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢١ی مارسی ٢٠٢٦) دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهابادیش بە ناوەکانی هۆیار زەهاوی و جەلال عەلەوی بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هۆیار زەهاوی پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو».

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە دۆخی شەڕدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کاتێکدایە کە بنکە و بارەگاکانی ئەم دوو دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە لانیکەم شەش شاری کوردستاندا لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە بۆردومان کراون، بەڵام بە هۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە تا ئێستە لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتیانەی لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) دەستبەسەر کرابوون و لە دەستبەسەرگەکانی ناو ئەو بنکانەدا ڕاگیرابوون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهابادەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاندبوو کە دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لە بۆردومانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباددا گیانیان لە دەست داوە، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئەم ساتە نەیتوانیوە هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە یاخود زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەو هاووڵاتیانە بە دەست بهێنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە ورمێوە ڕۆژی ٢ی بەفرانباری ١٤٠٥ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٦) لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە بە لایەنی کەمەوە ٢٠ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد ڕەوانەی بەندی پێشوازیکردنی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی کە بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کرابوون، بە شێوەی بەکۆمەڵ ڕەوانەی بەندی پێشوازیکردنی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە».