شوانە عەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کردووە.
لە سەرەتای شەڕی ئاماریکا و ئیسراییلەوە لەگەڵ ئێراندا بە لایەنی کەمەوە ١٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون. دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە دۆخی شەڕدا لە لایەن هێزەکانی ئەم دوو دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە لە کاتێکدایە کە بنکە و بارەگاکانی هەردووکیان لە لانیکەم شەش شاری کوردستاندا لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە بۆردومان کراون. شایانی باسە دەستبەسەرگە ئەمنی و شاراوەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە لە ناو هەمان ئەو بنکانەدا بوون کە کەوتوونەتە بەر بۆردومانکردنەوە.