چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سۆران سوهرابی، مامە عەلینژاد، ئاکام ئەبووبەکری و وەیسە محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشار دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٦) دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی وەیسە محەممەدپوور و ئاکام ئەبووبەکری بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سۆران سوهرابی و مامە عەلینژاد بە ڕیز لە کۆتایی ڕەشەمەی ١٤٠٤ و ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥دا (ناوەڕاست و ٢٤ی مارسی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

سۆران سوهرابی برای زیندانیی سیاسیی کورد ئەرسەلان خودکامە کە سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو و دواتر سزاکەی هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەمیشەیی.

دەوترێت ئەم چوار هاووڵاتییە ڕەوانەی دەستبەسەرگە نهێنییەکانی دەزگا ئەمنییەکان لە شاری ورمێ کراون.

بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە دۆخی شەڕ لە کاتێکدایە کە بنکە و بارەگاکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە لانیکەم شەش شاری کوردستاندا لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە بۆردومان کراون. شایانی باسە دەستبەسەرگە ئەمنی و شاراوەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە لە ناو هەمان ئەو بنکانەدا بوون کە کەوتوونەتە بەر بۆردومانکردنەوە. هەر ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە بەرانبەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتیانەدا کە هاوکات لەگەڵ شەڕەکەدا دەستبەسەر کراون.