هاووڵاتییەکی دانیشتووی تاران بە ناوی محەممەد عیبادی کە دوابەدوای هێرشکردنی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کراوە، لە لایەن ئەو هێزانە و لە لای دەستەوە تەقەی لێ کراوە و بریندار بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «لەم حەفتانەی دوایی و هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕدا، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە چەندین حاڵەتدا دوای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان بە چەکی جەنگی تەقەیان لە دەست یان قاچی دەستبەسەرکراوان کردووە. ئەم هاووڵاتیانە دوای برینداربوون سەرەتا براونەتە ناو ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و خراونەتە بەر لێپرسینەوە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. بەڵام دوای چارەسەرێکی کەم و سەرەتایی گوازراونەتەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە. محەممەد عیبادی کە هاووڵاتییەکی نزیک بە ٣٥ ساڵ و خەڵکی تارانە، یەکێک بووە لەم کەسانە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، محەممەد عیبادی ڕۆژی ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٨ی مارسی ٢٠٢٦) لە کاتی هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران دەستبەسەر کراوە و هاوکاتیش بە چەک بە ئامانج گیراوە و لە لای دەستەوە تەقەی لێ کراوە. دوای ئەوەیش کە براوەتە ناو ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەسەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ڕابردوودا (ژانڤییە) خراوەتە بەر لێپرسینەوە و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. بەڵام دوای وەرگرتنی هەندێ چارەسەری سەرەتایی، ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە (٢٩ی مارس) یەکسەر گواستوویانەتەوە بۆ بەشی قەرەنتینەی زیندانی تارانی گەورە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «محەممەد عیبادی دوای ڕۆژێک مانەوە لە قەرەنتینەی زیندانەکەدا ڕەوانەی تیپی ٦ی بەندی ٤ی هەمان زیندان کراوە، بە ڕۆژ تەنها بۆ گۆڕینی برینپێچییەکەی دەبرێتە نەخۆشخانەی زیندان، بەڵام تا ئێستایش هەر بە برینداری لەو دۆخە سەختەدا ڕاگیراوە».
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتریش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە بە لایەنی کەمەوە حەوت هاووڵاتی لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا دوای ئەوەی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون، دەسڕێژ لە دەست یان قاچیان کراوە و دوای چارەسەرێکی سادە و خێرا لە ناوەندە پزیشکییەکانی تاران، ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە کراون.