لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسراییل لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا (ژوەنی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان کەوتوونەتە دوای هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی سەعید سەفایی و دواجار پاش تەقە و دەسڕێژی ڕاستەوخۆ دەستبەسەریان کردووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە ١٠ مانگ تا ئێستایش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بۆکانەوە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەعید سەفایی، کاسبکاری خەڵکی بۆکان، چەند ڕۆژێک دوای دەسپێکردنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، لە کۆتاڕۆژانی جۆزەردانی ١٤٠٤دا (ناوەڕاستی ژوەنی ٢٠٢٥) لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە گەڕەکی «میرئاوا»ی ئەم شارەوە تێ دەپەڕی، کەوتە بەر گومانی هێزە ئەمنییەکان و دوای تەقەکردن و ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی، دەستبەسەر کرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرباری تێپەڕینی نزیک بە ١٠ مانگ لە دەستبەسەرکردنی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک لەسەر برینداربوونی لە کاتی ڕووداوەکەدا، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی بۆکان تا ئێستایش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی بدەن.
بەردەوامیی بێسەروشوێنکردن و نادیاربوونی بارودۆخی سەعید سەفایی بە درێژایی چەند مانگی ڕابردوو، بووەتە هۆی هەڵکشانی نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە.