دوو حەفتە لە دەستبەسەرکردنی دیاکۆ ئەیازی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە تێ دەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان و دۆخی ڕاگیرانی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٦) بە ناوی فەرمانبەری ئیدارەی گازەوە چوونەتە ناو ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری بانە و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە و سەرباری بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون لەسەر چارەنووس و بارودۆخی هەنووکەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.