زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی کە هاوسەری یەکتر و خەڵکی شاری سنەن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی هەمەدانەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون. ئەم دوو هاووڵاتییە لە ناوەڕاستی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٦) دوای ئەوەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران، لەبەر ئەوەی دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارەدا بۆردومان کرابوون، ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی هەمەدان کرابوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «زەینەب و سیروان ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٧ی مارسی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم هاووڵاتیانە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە چەند پێوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە دوای دەستبەسەرکران لە سنە، گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری هەمەدان و دواجار لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون».
بە وتەی سەرچاوەکە، زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینیی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بوون و تەنها دوای بەدواداچوونی بنەماڵەکان پێیان ڕاگەیەنراوە کە تۆمەتی «بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ستارلینک»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستە دەیان هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی «بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ستارلینک» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و لە زیندانی شارەکانی خۆیان لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا ڕاگیراون.