حەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی یووسف کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، تێ دەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٣ی ئاپریلی ٢٠٢٦) چوونەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری بۆکان و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی دەستبەسەریان کردووە».

بە وتەی سەرچاوەکە، یووسف کەریمی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە.

لە ناوەڕاستی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (سەرەتای فێڤرییەی ٢٠٢٦) برایەکی دیکەی ئەم هاووڵاتییەیش بە ناوی سلێمان کەریمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای نزیک بە دوو مانگ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری ورمێدا، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.