مریەم داوودیان، هاووڵاتیی ٥٨ ساڵانی کورد کە ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٠ی ئاپریلی ٢٠٢٦) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دۆخێکی نادیار و هەڵپەسێردراودایە. ئەم هاووڵاتییە گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی جیاوازە و هەر بۆیە بنەماڵەکەی زۆر نیگەرانن لەوەی کە دەرمان و چارەسەرە پێویستەکانی بە دەست ناگات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «مریەم داوودیان دوای ئەوەی کە بە تەلەفۆن بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگهێشت کرا و سەردانی ئەو ناوەندەی کرد، دەستبەسەر کرا و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ١٠ ڕۆژە گواستیانەوە بۆ بەشی قەرەنتینەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مریەم داوودیان گیرۆدەی چەند نەخۆشییەکی وەک دیابێت (شەکرە)، تالاسێمیی جۆری مینۆر و ڕۆماتیزمی جومگەکانە و پێشتریش بە هۆی جەڵدەی چاوەوە تەندروستیی چاوێکی لە دەست داوە، هەر بۆیە دەبێ بەردەوام لەبەر چاودێری پزیشکیدا بێت و چارەسەرەکانی وەربگرێت. ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە لە قەرەنتینەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، بەڵام تا ئێستە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.
سەرچاوەکە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «بنەماڵەی مریەم سەردانی زیندانەکەیان کردووە و دوای هەوڵێکی زۆر توانیویانە بەشێک لە دەرمانەکان ڕادەستی بەشی پاسەوانیی زیندان بکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئاخۆ دەرمانەکان بە دەستی مریەم گەیشتووە یان نە».
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.