ئالان حیکمەتیڕاد، مامۆستای زمانی ئینگلیزیی خەڵکی مەهاباد کە ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٧ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٧ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کردووە و سەرەتا بردوویانەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، پاشان ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی بنەماڵەکەدا، لەوانە لەبتۆب و هارد و کتێبەکان، گرتووە.
ئالان حیکمەتیڕاد دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەکەی زانیارییان بە دەست هێناوە کە ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراوە.
لەسەر تۆمەتەکانی دژ بەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.