لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فرووزان نەوجەوان، سەباح بێوارە، شەهرام پەسوپیش، محەممەدڕەزا فەریادی و سەیدعەلی قوڕەیشی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، ئیلام و بۆکان دەستبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٥ (١٤ی مەیی ٢٠٢٦) سەباح بێوارە، هاووڵاتیی ٢٣ ساڵانی خەڵکی گوندی «کەڵەکێن»ی پیرانشار، لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی ٢٣ی گوڵان (١٣ی مەی)، فرووزان نەوجەوان (ئیسلامی)، مامۆستای زمانی ئینگلیزیی خەڵکی ورمێ، محەممەدڕەزا فەریادی، خەڵکی سەراوڵەی ئیلام و شەهرام پەسوپیش، خەڵکی گوندی «چیانە»ی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

ئێوارەی ٢١ی گوڵانیش (١١ی مەی) سەیدعەلی قوڕەیشی، هونەرمەندی ناسراوی مۆسیقای فۆلکلۆر و سوننەتیی کوردی و خەڵکی بۆکان، لە ئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵەکەیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و لە هەمان ئەو شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.