دوای تێپەڕینی دە ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئەستی محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراوەتەوە، بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥ (١١ی مەیی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری بۆکان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە. هاوکاتیش ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک کتێب و کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەکەدا، لەوانە ئەلبۆمی وێنەکان و مۆبایلەکانیان.
دەوترێت ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە و هەروەها وەرگرتنی پارێزەر و دەرمانە پێویستەکانی بێبەش کراوە.
ئەستی محەممەدی ٦٧ ساڵان و دایکی سێ منداڵە، دوان لە منداڵەکانی لە ڕیزی چالاکوانانی سیاسیی کوردستاندان و لە دەرەوەی ئێران دەژین.