دوای تێپەڕینی شەش ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی هێرش شەریفیان، منداڵی خەڵکی گوندی «پاڵنگان»ی سەر بە کامێران، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی هێرش شەریفیان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی پاڵنگان و دەرگاکەیان شکاندووە، بەڵام خۆی لە ماڵەوە نەبووە و هەر بۆیە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن. پاشان داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە کوڕەکەیان بە زووترین کات سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بکات.
هێرش شەریفیان هەمان ڕۆژ لەگەڵ باوکی دەچێتە بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران، بەڵام یەکسەر دەستبەسەری دەکەن و دەیگوێزنەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم منداڵە ١٧ ساڵەیە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بووە، بنەماڵەکەیشی نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی جەستەیی و هەلومەرج و شوێنی ڕاگرتنی بەدەست بهێنن.