نزیک بە مانگێک لە دەستبەسەرکردنی ئەمیر سوبحانی، هونەرمەندی خەڵکی جوانڕۆ، تێ دەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی دەستبەسەربووندا چەند جارێک بە کورتی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردبوو و پێی ڕاگەیاندبوون کە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا)دایە.
لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا بنەماڵەکەی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی کوڕەکەیان بەردەوام سەردانی زیندان و ناوەندە دادوەرییەکانی کرماشانیان کردووە، بەڵام تەنها پێیان ڕاگەیاندوون کە بڕیاری دەستبەسەربوونی درێژ کراوەتەوە و هەرجۆرە پێوەندیکردنێکی تەلەفۆنی یان دیدارکردنی لەگەڵ بنەماڵەکەی تا ماوەیەکی نادیار قەدەغە کراوە.
تا ئێستە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هونەرمەندە کوردە کراوەتەوە، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
ڕۆژی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٥ (١٨ی مەیی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەمیر سوبحانی لە شاری جوانڕۆ و ئەم هونەرمەندە کوردەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد. دوای سەردانکردنی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە دادوەرییەکان، پێیان ڕاگەیەنرا کە بەپێی بڕیارێکی دەستبەسەربوون بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) کراوە.
ئەم هونەرمەندە پێشتریش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوو.