عەلی شوکری، چالاکوانی فەرهەنگیی خەڵکی بۆکان، هەروەها ئەشکان ئابخۆ، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەلی شوکری لە شاری بۆکان و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) ئەشکان ئابخۆ لە شوێنی کارەکەیدا کە سەرتاشخانەیەکە لە شاری سەقز، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بنەماڵەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنیان یان ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، بە دەست بهێنن. هەروەها لەسەر شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی ئێستایشیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.