موستەفا پیرۆتی، هاووڵاتیی ٥١ ساڵانی خەڵکی پیرانشار و دانیشتووی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١١ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەم هاووڵاتییەیان لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کردووە. پاشان ماڵەکەیشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا، لەوانە مۆبایلەکەی، گرتووە.
دەوترێت ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە. بەڵام بنەماڵەکەی سەرباری بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامیان بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی شارەکانی مەهاباد و ورمێ، تا ئەم ساتە نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی وەربگرن.