لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکوانانی کورددا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی قادر باریکی، جەعفەر باریکی و فەرهاد ئیبراهیمزادە، هەروەها زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی بۆکان بە ناوی هەورام مێهرنەوایی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری شنۆ چوونەتە سەر ماڵەکانی چەند هاووڵاتییەک و بەبێ مۆڵەتی یاسایی فەرهاد ئیبراهیمزادە، خەڵکی گوندی «کانی ڕەش» و قادر باریکی و جەعفەر باریکیی برای، خەڵکی گوندی «قەڵاتیان»، دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٣ی ژوەنی ٢٠٢٦) فەرهاد مێهرنەوایی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی بۆکان کە دوابەدوای دەسپێکردنی شەڕی ئامریکا و ئیسراییل لەگەڵ ئێراندا مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درابوو، بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوەتەوە.

سەرباری بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم چوار هاووڵاتییە بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی شارەکانی شنۆ و بۆکان، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخیان بەردەست نەکەوتووە.

هەورام مێهرنەوایی پێش لەمەیش لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. دواتر لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (فێڤرییەی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٥٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (مارسی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە برایە زیندان بۆکان و دوای ماوەیەک بە پێبەندی ئەلێکترۆنی ئازاد کرا. بەڵام جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (٣ی ئاڤریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا دەستبەسەر کرایەوە.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای جۆزەردانەوە (کۆتایی مەی) تا ئێستە بە لایەنی کەمەوە ٢٢ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.