سەلام بەهرامی و سەروەر بەهرامی، هاووڵاتیانی خەڵکی مەریوان کە خاکەلێوەی ١٤٠٥ (مارسی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە جادەی ڕوانسەر بۆ کرماشاندا دەستبەسەر کران، تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و لە بەندی ئەمنیی زیندانی ناوەندیی کرماشاندا (دیزڵئاوا) ڕاگیراون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٦) لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیان بە جادەی ڕوانسەر بۆ کرماشاندا دەڕۆیشتن، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ئەمنیی زیندانی ناوەندیی کرماشان کە بە زیندانی دیزڵئاوا ناسراوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە ماوەی دوو مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم بەندە ئەمنییەدا دوور لە مافی دیدار و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها بەبێ ڕەخساندنی دەرفەتی وەرگرتنی پارێزەر، ڕاگیران و پاشان ڕەوانەی بەشی گشتیی ئەم بەندە ئەمنییە کران. دەوترێت تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە.