سرووش کەرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) کە تۆمەتی قورسی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە، تا ئێستایش بەبێ ئەوەی مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ بدرێت، لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ئەمنیی زیندانی ناوەندیی کرماشاندا (دیزڵئاوا) ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شەقامی لالەی مەسکەنی کرماشاندا دەستبەسەر کرا. بنەماڵەکەی بە مەبەستی وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر کوڕەکەیان، بۆ چەندین مانگ سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی کرماشانیان دەکرد، بەڵام ئەو دامودەزگایانە دەیانوت ئاگایان لە باردودۆخی سرووش نییە و ئامادە نەبوون هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ بدەنەوە».

سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «بۆ ماوەی ٥ مانگ بچووکترین زانیارییەک لەسەر سرووش کەرەمی لە بەردەستدا نەبوو، دواجار ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردان (١٧ی ژوەن) لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنییەوە گوازرایەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی کرماشان. دوای چەند کاتژمێرێک مانەوە لە قەرەنتینەیشدا، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان برایە ژووری تاکەکەسیی بەندی ئەمنییەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ساتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستە لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵە و هەروەها وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بووە».

بە وتەی سەرچاوەکە، بە تۆمەتی «موحارەبە» دۆسیەیەک لە لقی ١٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشاندا بۆ ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە و ئەو تۆمەتەی بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا ژمارەیەکی تر لە هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ئەمنیی تازەدامەزراوی زیندانی ناوەندیی کرماشاندا ڕاگیراون.