لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەباح وەلەدبەیگی، کەمال پیرانپوور، مەلا ئەبووبەکر یووسفی، یوونس مووساپوور و سەردار ئوستادئەحمەدی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شارەکانی پاوە، سەردەشت و مەهاباد دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئەم دەزگا ئەمنیانە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٧ی جولایی ٢٠٢٦) لە شاری مەهاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی سەردار ئوستادئەحمەدی و کەمال پیرانپوور و ئەم هاووڵاتیانەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ئێوارەی ١٤ی پووشەڕی ١٤٠٥ (٥ی جولایی ٢٠٢٦) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە بیانووی ئەوەی لە باخێکی شارۆچکەی «نەڵاس»ی سەردەشتدا ئەندامێکی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان خۆی حەشار داوە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو باخە و داویانەتە بەر دەسڕێژی گوللە، پاشان بە شێوەیەکی توندوتیژ دوو هاووڵاتیی ناو باخەکەیان بە ناوەکانی مەلا ئەبووبەکر یووسفی و یوونس مووساپوور دەستبەسەر کردووە.
هەروەها سەباح وەلەدبەیگی، مامۆستای خانەنشین و چالکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە، ئێوارەی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١ی جولایی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی «نووریاو» دەستبەسەر کراوە.
ئەم مامۆستا کوردە ڕۆژێک دواتر لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەک لە شاری کرماشاندا.
سەباح وەلەدبەیگی بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی «نوور»ی پاوەیە و پێشتریش چەند جارێک لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.