مەتین فەرامەرزی و موستەفا ئیبراهیمی، هاووڵاتیانی خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٨ی جولایی ٢٠٢٦) مەتین فەرامەرزی، چالاکوانی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، لە پارکی شێخ شەڵتووتی ئەم شارە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٧ی جولایی ٢٠٢٦) هەر لە مەهاباد هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موستەفا ئیبراهیمی و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

سەرباری بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، بەڵام تا ئێستە هیچ جۆرە زانیاری و ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە پێ نەدراوە. هەروەها هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئێستەیان بەردەست نەکەوتووە.