ئارمان ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و ئێستە لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانەدایە.

ئارمان ئیبراهیمی لە پووشپەڕی ١٤٠٤دا (جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرا و ماوەی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ لێپرسینەوەی لێ کرا. دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیش گوازرایەوە بۆ زیندانی ورمێ و پاش ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە دوای چەند مانگ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شنۆوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم زیندانییە سیاسییە تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا، بەڵام لە لایەن لقی ٢ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.