عەبدوڵڵا پەشابادی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و میلاد موروەتی، کتێبفرۆش و خوێندکاری خەڵکی مەهاباد، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کرماشان و مەهاباد دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٨ی جولایی ٢٠٢٦) میلاد موروەتی، کتێبفرۆش و خوێندکاری بەشی یاسا لە زانکۆی ئازادی مەهاباد، لە شەقامی وەفایی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر کتێبفرۆشییەکەی کە ناوی «هێڤی»یە و دوای پشکنینێکی زۆر، دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلەکانی، لەوانە لەپتابەکەیدا گرتووە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٦ی جولایی ٢٠٢٦) عەبدوڵڵا پەشابادی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و دانیشتووی کرماشان، هەر لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم دوو هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.