لانیکەم حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی جەمال ڕوستەمی، سامان خەسرەوی، هاوڕێ پەروازە، ئاریا مەعرووفی، زانیار ئەسوار، پشتیوان تاتار و سارۆ ڕەوشەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەشارەکانی مەریوان و کامێران دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی گوندی «نێ»ی مەریوانیان گەمارۆ داوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکە. لەم پەلامارەدا شەش هاووڵاتی بە ناوەکانی سامان خەسرەوی، هاوڕێ پەروازە، ئاریا مەعرووفی، زانیار ئەسوار، پشتیوان تاتار و سارۆ ڕەوشەنی دەستبەسەر کراون.
ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژیش (٤ی ئاگۆست) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە گوندی «شایینی»ی کامێران هەڵیانکوتاوەتە سەر باخی هاووڵاتییەک بە ناوی جەمال ڕوستەمی کە لە دامەزرێنەرانی «ڕێکخراوەی خێرخوازیی شایینی»یە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و کاتژمێر ١٤ی هەمان ڕۆژ دیسانەوە چوونەتە سەر باخەکە و لە کەشێکی پڕ لە ترساندن و تۆقاندندا باخەکەیان بەتەواوی پشکنیوە.
پێشتریش لە ڕۆژانی ٢ و ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٢٣ و ٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٦) دوو ئەندامی دیکەی ئەم دەزگا خێرخوازییە بە ناوەکانی ئیسماعیل خاتری و فواد شادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەوانیش بەردەست نەکەوتووە.