زیاتر لە مانگ و نیوێک لە دەستبەسەرکردنی کەژاڵ موبارەکی، خەڵکی دێولان و هەروەها هاوسەرەکەی، جەمال ئەحمەدزادە، خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تێ دەپەڕێت، بەڵام ئەم دوو توێژەرەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ تا ئێستەیش بە بڕیاری دەستبەسەربوونەوە هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو توێژەرە کوردە سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠٥ (کۆتایی ژوەنی ٢٠٢٦) لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیاندا لە شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی هەر لەم شارەدا.
ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک بەبێ ئەوەی مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ بدرێت، لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خراونەتو بەر لێپرسینەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی ئەم دوو توێژەرە بەردەست نەکەوتووە.