٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی زەهرا پیردێهقان، هاووڵاتیی ٣٢ ساڵانی خەڵکی چاڵدێران، تێ دەپەڕێت، بەڵام تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیەوە بە شەقامی سەرڤی ورمێدا تێ دەپەڕی، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستە ئامادە نەبوون هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە پێ بدەن.