ڕەحیم حەسەنپوور، هاووڵاتیی خەڵکی نەڵاسی سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر مەزرای کشتوکاڵی ڕەحیم حەسەنپوور لە نزیک گوندی «بناویلە»ی شارۆچکەی نەڵاسی سەردەشت و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری ورمێ. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.