دۆسیەی مەهدی (سیکان) ڕەوشەنی، زیندانیی سیاسیی کورد کە کۆتایی پووشپەڕی ئەمساڵ (ناوەڕاستی جولای) بۆ دووەم جار دەستبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ئیلامە، بە تۆمەتی قورسی «موحارەبە» و «افساد فیالارض» لە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە مەهدی ڕەوشەنی ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٨ی جولایی ٢٠٢٦) بۆ دووەم جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای گواستنەوەی بۆ زیندان، دۆسیەیەکی نوێی لە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلامدا بۆ کرایەوە و دوو تۆمەتی قورسی «موحارەبە» و «افساد فیالارض»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە. بەڵام تا ئێستە سزانامەی دۆسیەکە نەنووسراوە و هێشتا هەر لە قۆناغی لێپرسینەوەدایە.
سەرچاوەکە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە مەهدی ڕەوشەنی پێشتر بە هۆی بەشداریکردنەوە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی مەڵکشاییدا کەوتبووە بەر لێپێچینەوە و سزای بۆ دەر چووبوو، بەڵام ئێستە بۆ دووەم جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئەم جارە تۆمەتی قورسی «موحارەبە» و «افساد فیالارض»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.
مەهدی ڕەوشەنی، خەڵکی مەڵکشایی ئیلام، پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە کاتی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. دوای ماوەیەکیش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دواتر کەم کرایەوە بۆ ٩ مانگ بەندکران.