دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش، هاووڵاتیی ٣٣ ساڵانی خەڵکی ماکۆ کە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.