ئاوات کەرەمی، ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی «نگڵ»ی سەر بە شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکوانە ژینگەپارێزە لە گوندی «نگڵ» و بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەریان کردووە.

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکوانە کوردە بەردەست نەکەوتووە.

ئاوات کەرەمی لە چالاکوانانی ناسراوی بواری ژینگەیە و لە ساڵانی ڕابردوودا دەورێکی چالاکانەی هەبووە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی زاگرۆس و بەڕێوەبردنی کەمپەینە جیاوازە ژینگەییەکاندا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٧دا (١٦ی ژانڤییەی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەر لەم گوندە دەستبەسەر کرا و دوای چەندین مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، لە جۆزەردانی ١٣٩٨دا (ژوەنی ٢٠١٩) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

دوای ماوەیەکیش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٤٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.