لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سدیق کەریمی، مەسعوود ئالانیی کۆنەقەڵا، هادی عەزیزی، ئومێد چاوبازی، ئەمیر سلێمانی، موحەممەد حاجیزادە، شوانە دیوازی، لوقمان قوربانی، ڕەحمان خۆزان، ئیسماعیل بادسار و زەکەریا بادسار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، میاندواو و مەهاباد دەستبەسەر کران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەک بە ناوی زەکەریا بادسار هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری بۆکان. بەڵام خۆی لە ماڵەوە نەبووە و هەر بۆیە ئیسماعیل بادساری باوکیان وەکوو بارمتە دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێرێک خۆی ڕادەستی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کردووە و هاوکات باوکیشی ئازاد کراوە.

هاوکات ئەمیر سلێمانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.

هەروەها نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ مەسعوود ئالانیی کۆنەقەڵا، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی شنۆ، لە کافەیەکی ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا، لەوانە مۆبایلەکانیان، گرتووە. ئەم هاووڵاتییە لە ساڵانی ڕابردوودا لەبەر وتنەوەی گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانەی کوردی بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥یش (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) ڕەحمان خۆزان، خەڵکی گوندی «گۆلی مەرزینگ»ی بۆکان، ئومێد چاوبازی، خەڵکی بۆکان و موحەممەد حاجیزادە، خەڵکی گوندی «گامێش گۆلی»ی میاندواو، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی شوانە دیوازی، لوقمان قوربانی، سدیق کەریمی (زیندانیی سیاسیی پێشوو) و هادی عەزیزی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

سەرجەم ئەم یازدە هاووڵاتییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراون.

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئازیزانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم یازدە هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.