چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی داریووش ڕەحیمی، عەیوەز بێهنموون، شەعبان ئەحمەدوەش و ئیبراهیم ئەحمەدوەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و ورمێ دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران گەمارۆی گوندی «کەچەڵە»ی شاری ورمێیان داوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی عەیوەز بێهنموون، شەعبان ئەحمەدوەش و ئیبراهیم ئەحمەدوەش و بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ هەرسێکیان دەستبەسەر کردوون.
هەروەها ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) داریووش ڕەحیمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان هاوکات ماڵەکەیشیان پشکنیەوە و دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایلەکانی خۆی و هاوسەرەکەیدا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم چوار هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.