بەفرین ئەحمەدوەش، منداڵی کوردی خەڵکی گوندی «کەچەڵە»ی ورمێ، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم منداڵە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە کاتی هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵی هەردوو مامەکەی، شەعبان و ئیبراهیم ئەحمەدوەش، لەگەڵ ئەواندا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی ڕابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی گەمارۆدانی ئەم گوندە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی عەیوەز بێهنموون، شەعبان ئەحمەدوەش و ئیبراهیم ئەحمەدوەشی بڵاو کردبووەوە.

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئازیزانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.