لەسەر چارەنووسی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی هێمن مەنیجە، هادی خزری و مەتین ڕەسوولی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان، شنۆ و پیرانشار دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێمن مەنیجە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) مەتین ڕەسوولی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شەوی ٢٤ی گەلاوێژیش (١٥ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان لە شەقامێکی شاری شنۆدا هاووڵاتییەکیان بە ناوی هادی خزری دەستبەسەر کرد.

هەرسێکی ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئازیزانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای گەلاوێژەوە (کۆتایی جولای) تا ئەمڕۆ، بە لایەنی کەمەوە ٢٦ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکاندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.