لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کوردستاندا، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرزین خەدیریپوور، زاهیر قوربانی و شاخهوان خاوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد، میاندواو و مەریوان دەستبەسەر کران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) فەرزین خەدیریپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.
هەروەها شاخهوان خاوەری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان، ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم گوندەدا دەستبەسەر کرا.
ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥یش (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) زاهیر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گامێش گۆلی»ی میاندواو، دوای ئەوەی سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەی کرد، دەستبەسەر کرا. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە چووبوونە سەر ماڵەکەی، بەڵام لە ماڵەوە نەبووە و هەر بۆیە لوقمان قوربانیی باوکیان لەباتیی خۆی دەستبەسەر کردبوو. هاوکات بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو تا کاتێک زاهیر خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو نەکات باوکی ئازاد ناکرێت.
دەوترێت دوای دەستبەسەرکردنی زاهیر، هێزە ئەمنییەکان باوکیان ئازاد کردووە.
هەرسێکی ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.
سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئازیزانیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای گەلاوێژەوە (کۆتایی جولای) تا ئەمڕۆ، بە لایەنی کەمەوە ٢٩ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، شنۆ، ورمێ، مەریوان، سنە، کامێران و پیرانشار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.