سەرباری تێپەڕینی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی نازەنین حسەینپوور، هاووڵاتیی ٣٤ ساڵانی خەڵکی گوندی «شیناوێ»ی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، تا ئێستایش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزە و دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ئێستای، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

نازەنین حسەینپوور دایکی دوو منداڵی کەمتەمەنە و هاوسەرەکەیشی بە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە لە دۆخێکی جەستەیی و تەندروستیی زۆر خراپدایە.

دەوترێت باوکی ئەم هاووڵاتییە ئەندامی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانە و لە دەرەوەی ئێران دەژی.