کەریم ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «ئیندەرقاش»ی مەهاباد و ئەندامی شۆرای ئەم گوندە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شەقامێکی شاری مەهاباددا بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر کەریم ڕەسووڵی بەردەست نەکەوتووە.

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ئێستای، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای گەلاوێژەوە (کۆتایی جولای) تا ئەمڕۆ، بە لایەنی کەمەوە ٣١ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، شنۆ، ورمێ، مەریوان، سنە، کامێران و پیرانشار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.