شیرین مەسعوودی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کارەکەی لەم شارەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانیوەڕۆی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر هۆڵی جوانکاریی ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە نزیک پردی قانیعی مەهاباد و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کردووە.
سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی شیرین مەسعوودی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ئێستای، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.
شیرین مەسعوودی لە ڕاهێنەرانی هۆڵەکانی جوانکاری، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «ڕاژان» و لە چالاکوانانی چەند دامەزراوەیەکی خێرخوازیی شاری مەهابادە.