سەیران عەرەبی، بلاگەری لاوی خەڵکی مەهاباد، لە لایەن پۆلیسی فەتاوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و لاپەڕەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا بە فەرمانی دادگا داخرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) ئەم بلاگەرە لە لایەن پۆلیسی فەتای مەهابادەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دادگای ئەم شارە.
فەرماندەی پۆلیسی ئینتیزامیی مەهاباد لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بە هۆی «بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و گاڵتەکردن بە هونەرمەندی ناودار موحەممەد ماملێ» بووە کە «کاردانەوەی بەربڵاوی هۆگرانی فەرهەنگ و هونەری لێ کەوتووەتەوە».
بە وتەی ئەم کاربەدەستە، دوای گلەوگازندەی لایەنگرانی فەرهەنگ و هونەر، دەستوورێکی تایبەت دەر کراوە و بابەتەکە لە لایەن پۆلیسی فەتاوە بەدواداچوونی بۆ کراوە و دوای دۆزینەوەی شوێنی ئەم بلاگەرە، یەکسەر دەستبەسەر کراوە.
دەوترێت ئەم بلاگەرە پێش دەستبەسەرکران چەندین گرتەڤیدیۆی بڵاو کردووەتەوە و لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە و خەڵکی کوردستان داوای لێبوردنی کردووە و پۆستەکەیشی سڕیوەتەوە.